باندێکی مەترسیدار بە ٢٥ کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەکرێت

باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیرکران، دووانیان بیانین و یەکێکشیان دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هیزە ئەمنییەکان بە برینداری دەستگیر کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر ڕایگەیاند" لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر کە دووانیان بیانین دەستگیر کران".

ڕوونیشیکردەوە، بازرگانەکان لە سیدەکان و سەنتەری هەولێر دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر ٢٥ کیلۆ و ٨٠٠ گرام ماددەی هۆشبەریشدا گیراوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە چالاکییەکە شەوی ١٣/١٢ی ئەم مانگە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوون و چاودێری و تیمەکانی بنکەی سۆران و دهۆك ئەنجام دراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەم باندەی دەستگیرکراون پێکهاتەی باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیان یەکێک لەبازرگانەکان ڕووبەڕووی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بووەوە و دواتر بە برینداری دەستگیرکرا".


PM:12:45:21/01/2024