کەشناسی: بارانبارین و بەفر دەستپێدەکاتەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە".

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ بەهۆی کاریگەری نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەڕاست ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوا و پارێزگای دهۆک نمە باران و بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەستپێدەکات، پاشان کاریگەری درێژدەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم و لە کاتەکانی دوایینیوەڕۆش لە ناوچە دەشتاییەکانی باشووری هەولێر و شاری کەرکوک ئەگەری کەمێک دابارینی تاوە باران و بروسکە هەیە، هاوکات خێرای با (١٥ – ٢٥)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینین (٧ – ٩)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ (یەک تا دوو) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش (دوو تا چوار) پلە دادەبەزن. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ سێشەممە ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ دابارینی نمە باران و بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا، بەڵام لە کاتەکانی دوایینیوەڕۆ ئەگەری کەمێک تاوە باران و بروسکە هەیە لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری هەولێر، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (یەک تا دوو) پلە نزمدەبنەوە. 


AM:10:38:22/01/2024