کەشناسی: بەفر و بارانبارین بەردەوام دەبێت

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ و سبەی بەفر و بارانبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش زیاتر دادەبەزن". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت، لەگەڵ بارانبارین لە کاتی جیا جیادا، ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەندی دەبێت و ناوچە سنووریەکان بەفرێکی کەمی دەبێت، سەنتەری پارێزگاکان تا کاتەکانی دواینیوەرۆ ئەگەری تاوە بارانی کەم کەمی هەیە، رێژەی بارانبارین لە ئەمرۆدا لەم ناوچانە کەمێک زیاتر دەبێت بە تایبەت لە ( قەڵادزێ-دوکان-رانیە-کۆیە-بەشی باکوری رۆژهەڵاتی سەنتەری پارێزگای هەولێر) لە ئێوارەدا کاریگەری باران کەمدەبێتەوە، هاوکات خێرای با (١٠ – ١٥)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینین (٧ – ٩)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ چەند پلەیەک نزمدەبنەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، بەفربارین لەسەر ناوچە سنوریەکان و بەشێک لە لوتکەی شاخە بەرزەکان بەردەوام دەبێت، لە هەندێ کاتدا لە ناوچە جیاجیاکان نمە بارانی کەم دەبێت لە سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکوک و سنوری ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی ئاستی دابارین زیاتر دەبێت، هەروەها خێرای با (١٠ – ١٥)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینین (٨ – ٩) کم دەبێت.


AM:11:45:24/01/2024