دوو برای بکوژی پۆلسیەکەی سلێمانی دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو برای ئەو تۆمەتبارەی ڕاگەیاند کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا کارمەندێکی پۆلیسی لە شەقامی پیرەمێرد کوشت و دوو کەسی دیکەشی بریندارکرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥ی کانوونی دووەم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوو برای تۆمەتباری کوشتنی (رێپێدراوی پۆلیس رزگار ئەحمەد) دەستگیركران كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر لەلایەن دادگاوە سزادراوە". 

پۆلیسی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شی وتووه‌" دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٦ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٤ هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە بە چەك چوونەتە سەری و بە زۆر سواری ئۆتۆمبێلیان كردووە و هەڕەشەیان لێكردووە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دادوەر بڕیاریدا بە دەستگیركردنی تۆمەتباران بەپێی ماددەی ٤٠٥-٣١ لە یاسای سزادانی عیراقی". 

ده‌شڵێت" لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوام بوو بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران، سەرەنجام توانرا لە رۆژی ٢٤ی كانوونی دووه‌م هەریەكە لە تۆمەتباران (ك، ص و أ، ص) لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیربكرێن". 

"لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت هەردوو تۆمەتبار برای تۆمەتباری (رێپێدراوی پۆلیس رزگار ئەحمەد)ن، و تۆمەتبار (ك، ص) پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر بە بڕیاری دادوەر و لەلایەن دادگاوە سزادراوە، لە ئێستادا تۆمەتباران بەندن و لەلایەن بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە"، (ئه‌مه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پۆلیسی سلێمانی)


PM:02:03:25/01/2024