بەفر لە سەنتەری شاری سلێمانی دەبارێت


کەشناسی ناسراو، ئاراز جەبار پێشبینی دەکات ئەمڕۆ ٢٨ ی کانوونی دووەم بەفر لە سەنتەری شاری سلێمانی و چەند شوێنێکی تر ببارێت.

لە ئاراس جەبار لە راگەیاندنێکدا کە ئێوارەی ٢٧ ی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە، دەڵێت" لەکاتەکانی ئێوارە و شەودا بەھۆی زیاتر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەردەوامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست کەش لەبار ئەبێت بۆ بارینی بەفر لە سەنتەری شاری سلێمانی و ئەو شار و ناوچانەی بەرزیان زیاترە لە ٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا".

لە درێژەی راگەیاندنەکەیدا دەشڵێت " لەئێستادا کاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەرەو لاوازبوون ئەچێت و کاریگەری بارستە ھەوا ساردەکەش گەیشتۆتە سەرجەم ناوچەکان و پلەکانی گەرما بەڕاورد بە چەند کاتژمێری ڕابردوو نزمبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی".

لە کۆتایشدا ئاراس جەبار دەڵێت" رێژەی دابارین کەم ئەبێت و تا سبەی ئێوارەی یەکشەمە بەلاوازی باران و بەفر بەرێژەی کەم لەھەندێ ناوچەدا بەردەوامی ئەبێت و پلەکانی گەرماش بەنزمی ئەمێنێتەوە".



AM:12:07:28/01/2024