کۆماری ئیسلامی ئێران چوار لاوی کورد لە سێدارە دەدات


کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ ٢٩ ی کانوونی دووەم چوار گیراوی کوردی لە سێدارەدا، ئەو چوار گەنجە کە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی  زەحمەتکێشانی کوردستان بوون، دادگای ئێرانی بە کارکردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتباری کردوون.
 
ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادەگەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند " سزای داسەپێندراوی لە سێدارەدانی؛ پێژمان فاتێحی، وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵووم و محەمەد فەرامەرز بە تۆمەتی سیاسییی لە زیندانی قزڵ‌حەساری کەرەج جێبەجێ کرا"
بەپێی میدیاکانی رۆژهەڵات ئەو چوار گەنجە  کوردە لە کاتی دەستبەسەربوونیانەوە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراوون، تەنها ڕۆژی یەکشەممە ڕێگە بە بنەماڵەکانیان دراوە، بۆ یەکەمجار و دوایین جار دوای زیاتر لە ١٩ مانگ چاویان بە ڕۆڵەکانیان بکەوێت.

لەو دیدەردا پژمان فەتحی کە گەنجێکە لە سێدارەدراوەکان، بە کەسوکاری راگەیاندووە "ئێمە لەسێدارە دەدەن، بەڵام ئەم مەرگە مەرگێکی سەربەرزانەیە و داوا دەکەم شین نەگێڕن، ڕەش نەپۆشن و ورەتان بەرز بێت."

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم ئەندامانەی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستان تۆمەتبار دەکات بە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل، لە کاتێکدا ئەم رێکخراوە وەک خۆیان رایانگەیاندووە رێکخراوێکی چەپن و گەلی فەلەستین بە گەلێکی ژێردەستە ناوزەد دەکەن. 



AM:11:19:29/01/2024