جێگرەوەی حەلبوسی سوێندی دەستوری خوارد

ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، بورهان ناسر محەمەد، وەکو جێگرەوەی محەمەد ریکان حەلبوسی، سوێندی دەستوری خوارد.

بەپێی رێکارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، دوای دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم، بورهان ناسر محەمەد، کە زۆرترین دەنگی پارێزگای ئەنباری بەدەستهێنابوو لەنێو کاندیدە دەرنەچوەکانی هاوپەیمانێتی تەقەدوم، لە شوێنی محەمەد حەلبوسی سوێندی دەستوری خوارد و بوو بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.

بورهان ناسر لە هەڵبژاردنەکاندا خاوەنی ٦٧١٦دەنگ بوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەوی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، پرۆژە یاسایەکی پەسندکرد و خوێندنەوەی بۆ شەش پڕۆژەیاسای دیکە کرد، و لێپرسینەوەش لەگەڵ سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق دواخرا، کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانیش رۆژی پێنجشەممە دەبێت

دادگای باڵای فیدڕاڵی لە ١٤ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٣ بڕیاریدا بە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەویش لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار لەیس دلێمی، کە تۆمەتباری کردبوو بە ساختەکردنی نوسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەی.


PM:06:33:30/01/2024