شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینییەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوای دوو ڕۆژی داهاتوو لە ناوچەكانی هەرێم بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت" بەفر بارین سەنتەری شاری سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكە دەگرێتەوە و بایەكی سارد هەڵدەكات''.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند" سبەی پێنج شەممە ئاسمانی ناوچەکانی باشووری ھەرێم بەزۆری نیمچە ھەور ئەبێت و ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری ھەرێم ساماڵ و پەڵە ھەور ئەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ جێگیر ئەبێت''.
ڕاشیگەیاند" لە کاتەکانی ئێوارە بەدواوە بارانی مامناوەند و پچڕ پچڕ درێژ ئەبێتەوە بۆ سەر ناوەڕاستی عێراق و ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و کەرکوک، کە بەشێوەیەکی گشتی بەھۆی نزمبوونەوە پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بەفر بارین ئەبێت و لە سەنتەری شاری سلێمانیش و ئەو ناوچانەی بەرزیان زیاترە لە ٨٠٠مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا پێشبینی ئەکەین لەکاتەکانی نیوەی شەو بەدواوە بەفر ببارێت''.
ئاماژەی بەوەشكرد، کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین لاواز ئەبێت و تەنھا ئەگەری نمە باران لەھەندێک کاتدا ئەبێت لەو ناوچانەدا.
پێشبینی ئەوەشی كرد'' بای باکووری ڕۆژھەڵات بۆ سبەی و دوو سبەی بەچالاکی ئەمێنێتەوە لەناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بەخێرایی ١٠ تا ٣٠کم/ لە كاتژمێرێكدا''.