لە قامیشلۆ بارەگایەكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ کرایە ئامانج

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی دەوڵەتی تورکیا بارەگایەكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان کردە ئامانج، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکام تائێستا چوار کارمەندی ئاسایشی ئەو شارە، بەهۆی هێرشەکەوە بوونەتە قوربانی. 

ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز بڵاویکردەوە" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تورکیا لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشیكردە سەر بارەگایەكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکە چوار كارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە و یەكێكی دیكەش بریندارکراوە.
 
شاری قامشلۆ شارێکە لە باشووری ڕۆژئاوای کوردستان و لە پارێزگای حەسەکە ھەڵکەوتووە، کە ساڵی (١٩٢٦) لە لایەن ئەندازیارێکی فەڕانسەییەوە ئاوادانکراوە، ئێستا نزیکەی (٥٠٠،٠٠٠) کەسی لێ نیشتەجێن کە (٧٠) لە سەدیان کوردن.


PM:02:05:02/02/2024