سامانە سروشتییەکان: (٩٣%)ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایدەگەیەنێت" تا ئێستا نزیکەی (٩٣%)ی کۆی خێزانەکانی هەرێم لە وەرگرتنی نەوت سوودمەندبوون". 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" تا ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، زیاتر لە (٢٤٠) ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە، لە پارێزگای هەولێر نزیکەی (٩٦) ملیۆن لیتر، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە (٩٤) ملیۆن لیتر و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە (٥٠) ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا نزیکەی (٩٣%)ی کۆی خێزانەکانی هەرێم لە وەرگرتنی نەوت سوودمەندبوون، هەولێر نزیکەی (١٠٠%)، سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی (٨٩%) و دهۆکیش زیاتر لە (٨٩%)ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەغداد نزیکەی (٢٣) ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێم ناردووە کە زیاتر لە (١٠) ملیۆن لیتر لە هەولێر، زیاتر لە پێنج ملیۆن لیتر لە سلێمانی و هەڵەبجە و نزیکەی هەشت ملیۆن لیتری لەو نەوتە لە دهۆک دابەشکراوە. 

ڕوونیشیکردووەتەوە، هەروەها زیاتر لە (١٢٧) هەزار خێزان لە نەوتەکەی بەغداد سوودمەندبوون، لە هەولێر نزیکەی (٥٦) هەزار خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە (٢٢) هەزار خێزان و دهۆکیش زیاتر لە (٤٩) هەزار خێزان. 


PM:06:15:02/02/2024