سەرۆكایەتی كۆمار داوای كۆبوونەوەی کوتلە سیاسییەکان دەكات

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دژی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر چەند ناوچەیەکی عێراق و سووریا داوای كۆبوونەوەی سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان دەکات. 

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، بڵاویکردەوە" هێرشەکانی ئەمریكا بۆ سەر ناوچەی قائیمی ئەنبار و چەند ناوچەیەكی دیكە پێشێلكاری سەروەری خاكی عێراقە و دەبێتە هۆی درووستبوونی كێشە لە دانووستاندن و گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات". 

سەرۆكایەتی كۆمار جەختیش دەکاتەوە، پێویستە سەرۆكایەتییەكان و لایەنە سیاسییەكان، بۆ تاوتوێكردنی ئەو پێشهات و كاردانەوەیانە و گرتنەبەری هەڵوێستی ڕوون و یەكگرتوو کۆبنەوە. 

بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی عێراق لە كاتێكدایە، درەنگانی شەوی ڕابردوو هێزەكانی ئەمریكا (٨٥) هێرشی ئاسمانییان لە عێراق و سوریا دەستپێکرد و شوێنەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە میلیشیاکانی نزیکیان کردە ئامانج.


PM:03:28:03/02/2024