نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش باسی مووچەی فەرمانبەران دەكات

نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی  ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق و هەرێمی كوردستان دەیانەوێت كێشەی مووچە چارەسەر بكەن و دەشڵێت" عێراق ڕێگە بە هیچ لایەنێك نادات كێشە بۆ سەقامگیری و ئاسایش و سەروەری دروست بكات".

د. عەباس كازم، نوێنەری عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند،" عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەوی نەوت''.

ڕاشیگەیاند'' عێراق و هەرێمی كوردستان دەیانەوێت كێشەكان بەپێی دەستوور چارەسەر بكەن و هەردوولا دەیانەوێت كێشەی مووچە چارەسەر بكەن''.

ئاماژەی بەوەشكرد، توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق زۆر باش بووە و هەوڵەكانی عێراق بۆ ئەوەیە دۆخی ئاسایش و گوزەرانی هاوڵاتیان باشتر بكرێت.

جەختیشی كردەوە، دەبێت سەرجەم هەوڵەكان بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەكان بخرێنەگەڕ، چونكە ئەو دەستدرێژیانە ئاسایشی عێراق و خەڵكەكەی دەخەنە مەترسییەوە.

وتیشی'' عێراق ڕێگە بە هیچ لایەنێك نادات كێشە بۆ سەقامگیری و ئاسایش و سەروەری دروست بكات''.

 


PM:08:09:06/02/2024