بارانبارین و هەورە بروسکە دەستپێدەکاتەوە

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم بارانبارین و هەورە بروسکە دەستپێدەکات". 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند"  سبەینێ شەممە لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناسەقامگیربوونی بەرگە ھەوا ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو، ھەر لە ئێوارەوە تا شەو ئەگەرەکان کراوە دەبن بۆ چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە باران، لە ناوچەی جیاجیا لە سنووری گەرمیان، سلێمانی، ھەڵەبجە و کەرکوک کە ھەندێ ناوچە نمە باران و ھەندێکی بە دیاری نەکراوی تاوە بارانی بەخوڕ دەبێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمدا تەنھا ئاسمان ھەوراوی دەبێت و ئەگەری باران نابێت، بەرزترین پلەی گەرمی شارەکانی ھەرێم بۆ سبەی سلێمانی ١٦ پلە، ھەولێر ١٨ پلە، دھۆک ١٧ پلە، کەرکوک ١٩ پلە، ھەڵەبجە ١٦ پلە، ئیدارەی گەرمیان ٢١ پلە، ئیدارەی ڕاپەرین ١٦ پلە، ئیدارەی سۆران ١٧ پلە، خێرای با لەسەرخۆ دەبێت و کاریگەری ئەو ناسەقامگیریە تا بەرەبەیانی دوو سبەی یەکشەممە بەردەوامی دەبێت.


PM:12:16:09/02/2024