کەشناسێک زانیاری نوێی لەبارەی دەستپێکردنی شەپۆلێکی بارانبارین ڕاگەیاند

شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت" لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەوری سوپەرسێڵ دەگاتە ئاسمانی هەرێم کە ئاماژەیە بۆ بوونی تەرزە و بارانی زۆر". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ماوەی شەپۆلی کۆتای ئەم ھەفتەیەدا کە لە رۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات و رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی توندی کاریگەریەکانی دەبێت کۆمەڵێک دیاردە و پێشھات چاوەروان دەکرێت ڕووبدات، لە رۆژی پێنجشەممە چالاکبوونی خێرای با بۆ زیاتر لە ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە تایبەت لە ناوچە گەرمەکان وەک گەرمیان و کەرکوک خێرای با ھەندێک کات چالاکتریش لە رێژەی ئاماژەپێکراو دەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە بە تایبەت بۆ رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجامی چالاکی بەھێزی بای باشور و باشوری رۆژھەڵات لە ناوچەکانی باشوری عێراق و ھەرێم ئەگەری ھاتنی خۆڵبارینێکی چڕ دەبێت بۆسەر زۆربەی ناوچەکان. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرتاسەری ناوچەکان رۆژی پێنجشەممە و ھەینی ئەگەری ھەورە بروسکەی توند و بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبێت، ھەروەھا ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت بە تایبەت لە سەنتەری شاری ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان کە چاوەروان دەکرێت زۆرترین کاریگەری ئەو ناسەقامگیریە لەو ناوچانەدا دەربکەوێت. 

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان دروستبوونی ھەوری سوپەرسێل دەبێت کە ھەورێکی گەردەلولی بەھێز و بنکە تاریکە و ھەندێک جار ناوەراستی بنکەی ھەورەکە رەنگێکی مەیلە و سەوزی ھەیە کە ئاماژەیە بۆ بوونی تەرزە و بارانی زۆر لەو ھەورەدا یان تەرزەی قەبارە گەورە بۆیە ئەگەر ھەیە تەرزەی قەبارە گەورەش ببارێت. 


AM:12:01:13/02/2024