لەبارەی دەستپێكردنەوەی بارانبارین لە تەواوی ناوچە جیاجیاکان زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی دەستپێكردنەوەی بارانبارین لە تەواوی ناوچە جیاجیاکان دەڵێت" لە دواینیوەڕۆی سبەینێوە شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاكانی هەرێم دەكات". 

کەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" لە ئەنجامی یەكگرتنی هەردوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور لە دواینیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات". 

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەستپێدەكات، پاشان بارانبارین لە ئێوارەدا ئاستی زیاد دەكات بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان و سنووری پارێزگای دهۆك پاشان سنووری پارێزگای هەولێر.

ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی پێنج شەممە لە كاتەكانی بەرەبەیان لە ئەنجامی زیادبوون و بەهێزبوونی شەپۆلی بارانبارین لە سەرجەم ناوچەكان ئاستی باران دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و لێزمە باران لەگەڵ بارانبارین شەپۆڵێكی هەورە تریشقە و زیادبوونی خێرای با كە هەندێك كات دەگاتە سەرووی (٢٥) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.

ئەوەشیخستەڕوو، لەگەڵ بارانبارین ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، پێشبینی باران لە ماوەی كاریگەری ئەو شەپۆڵە لەسەرووی (٣٠) ملیمەتر لە سەنتەری پارێزگاكان و ناوچە شاخاوییەكان لە سەرووی (٤٥) ملیمەترەوە بێت.

کەشناسی هەرێم دەشڵێت" لە كاتەكانی ئێوارەی رۆژی هەینی كاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی لاواز دەبێت، بەڵام كاریگەری لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و كەركوك و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بارانبارین بەردەوامی دەبێت كاریگەری ئەم شەپۆڵە لە كاتەكانی شەوی پێنج شەممە لەسەرخۆ لاواز دەبێت". 


PM:12:54:13/02/2024