ئاسایشی سلێمانی ڕێگەی نەدا لە یادی (٢٥) ساڵەی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان چالاکی ئەنجام بدرێت

بڕیاربوو کاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و خەڵکانێکی دیکەی هەواداریان، خۆپیشاندانێک بە بۆنەی ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان ساز بکەن، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگەی نەدا ئەو چالاکییە ئەنجام بدرێت. 

پەیامنێری (سپی) ڕایگەیاند" هێزێکی زۆری ئاسایش لە شەقامی سالم بڵاوەیانپێکراوە، ڕێگەیان گرتووە لە هەر گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی پەکەکە و هەوادارانیان کە بڕیار بوو ئەمڕۆ خۆپیشاندانێک ساز بکەن لە یادی ٢٥ ساڵەی دەستگیرکردنی عەبوڵا ئۆجەلاندا". 

پەیامنێری (سپی) ئاماژە بەوەش دەکات، هەریەک لە تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکانی گشتی تەڤگەری ئازادی، هاوسەرۆکانی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادی و چەندین ئەندامی دیکە، لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون. 

ئەمەش لە کاتێکدایە چەند جارێک بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەیان لە ناوچەکانی سلێمانی و یەکێتی کردووە، هەروەها یەکێک لە داواکارییەکانی وەزیری بەرگری تورکیا کە هەفتەی پێشوو لە هەرێم بوو، لەگەڵ بەرپرسانی کوردا کۆبووەوە و داوایان کردووە کە نابێت ڕێگە بدرێت لایەنگران و هەڵسوڕاوانی پەکەکە چالاکیان هەبێت لە ناوچەکانی سلێمانی.


PM:03:23:15/02/2024