شارەزایەکی بواری کەشناسی جەختی لەوە کردووەتەوە کە تاوەباران و هەورە بروسکە بەردەوام دەبێت و لە کاتەکانی بەیانیدا تەم و مژ دروست دەبێت.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سبەی دووشەمە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور ئەبێت و لە کاتەکانی بەیانیدا تەم و مژ ئەبێت، لە نێوان کاتەکانی پاش نیوەرۆ بۆ ئێوارە بەھۆی زیادبوونی وزەی گەرمی تیشکی خۆر شێ و تەری ڕووی خاک بەھەڵم ئەبێت و لە شوێنی دیاری نەکراودا لەناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی راپەرین کەش لەبار ئەبێت بۆ دروستبوونی کەڵەکە ھەوری بە بروسکە و تاوە بارانی کورت خایان چالاک ئەبێتەوە بەرێژەی جیاواز و کاتەکانی ئێوارە کۆتای پێدێت".
ئاماژەی بەوەشداوە پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٢ پلە بەرزدەبێتەوە ، خێرای با لەسەرخۆ ئەبێت ٥-١٠کم/ک ئاراستەی با ناجێگیر ئەبێت .
ئاراس جەبار دەشڵێت" بۆ دوو سبەی سێشەمە بەھەمان شێوە تاوە باران و بروسکە لە شوێنی جیاجیادا بەردەوامی ئەبێت بارانی ئەمڕۆ و دوو رۆژی داھاتووش زیاتر پێکدێت لە بەھەڵمبوونی شێ و تەریی ناوخۆیی و دووبارە چربوونەوەیەتی بەسەر شوێنی جیاجیادا کە لە ئەنجامی ئەو بارانە زۆرەیە کە لە رۆژانی ڕابردوو باری و سوپاس بۆ خودا کەشی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەی تەر و شێدارکردوە کە ئەمەش سودی ئەبێت بۆ باشتربوونی شەپۆلەکانی داھاتووی بارانبارین".