پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون راگیرا

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" مۆڵەتی بنیادنانی پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون نادرێت و داوا لە وەبەرهێنەران دەکەین پابەند بن". 

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" بەمەبەسـتی رێکخـستـنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی زیاتر سـوودمەندبوونی هاوڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجـوومەنی وەزیران، بڕیاردرا کارکردن لە پرۆژەی نوێی نیشتەجێبوون رابگیرێت و مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون نەدرێت". 

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی وەبەرهێنان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بە ئاراستەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا دەستەی وەبەرهێنان داوای لە وەبەرهێنەرانی هەرێم دەکات یارمەتیدەر بن، تا وەبەرهێنانی زیاتر لە سێکتەرەکانی ئاراستەکراو بکرێت، بە تایبەت لەو ناوچانەی کەم گەشەسەندوون لە هەرێمی کوردستان.

یاسایی وەربەرهێنان کە پەرلەمانی کوردستان دەریکرد، سەرەتا بە ئامانجی ئەوە دەرکرا خەڵکی کەمدەرامەت سوودمەندبن لێی و ژمارەی کرێچی لە هەرێم کەمبکاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆربەی زۆری پڕۆژە نیشتەجێبوەکان بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن و لە توانای هاوڵاتییانی مامناوەند و هەژار نییە بیکڕێت. 


PM:07:38:19/02/2024