ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی (٣٠) کەسی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی بیری داعش" ڕاگەیاند

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی (٣٠) کەسی ڕاگەیاند و دەڵێت" لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوە". 

دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمشەو پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو گروپ لە دەڤەری (پشدەر و بتوێن) کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیری توندڕەویان وەرگرتووە و پیلانیان هەبووە بچنە ڕیزەکانی داعش و ببنە چەکداری ئەو گرووپە تیرۆریستیە". 

دەشڵێت" دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگەی دروست لەسەر مەرامی تیرۆریستان و ناو و ناونیشانیان، ماوەی (٢٠) رۆژ خرانە ژێر چاودێری بەردەوام و پاشان بە ڕەزامەندی دادوەر لە ئۆپراسیۆنێکدا ٢٠٢٣/١٢/١٥ لە قەڵادزێ (١٠) تیرۆریست دەستگیرکران کە دووانیان ئافرەتن". 

ئەوەش هاتووە" دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕکرانەوە و لە هەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاجیای هێزەکانی ئۆپراسیۆن لە ٢٠٢٣/١٢/١٧ لە ڕانیە، قەڵادزێ، ژاراوە، حاجیاوا، شکارتە (٢٠) تیرۆریستی تر دەستگیرکران و ڕووبەڕوی یاساکرانەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم گروپە تیرۆریستیەی داعش لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ بڵاوکردنەوەی فکری توندڕەوی داعش کردوە و چەندین جار پیلانیان داناوە هیجرەت بکەن بەڵام بە بڕیاری داعش کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبووە لەگەڵیان لەناو شارەکان هێڵراونەتەوە تا بەنهێنی بانگەشە بۆ داعش بکەن و گروپەکانیان بەرفراوانتر بکەن". 


PM:10:00:22/02/2024