د. لەتیف ڕەشید: عێراق نابێتە خاڵی هێرشكردنەسەر هیچ لایەنێكی ناوچەیی

سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆنفڕانسی دیالۆگی بەغدا دەڵێت" عێراق ڕۆڵی هەبووە لە لێكنزیككردنەوەی ئێران و سعودیە، ناشبێتە خاڵی هێرشكردنەسەر هیچ لایەنێكی ناوچەیی".

د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆنفڕانسی دیالۆگی بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، عێراق كاری كردووە بۆئەوەی نەبێتە خاڵی هێرشكردنەسەر هیچ لایەنێكی ناوچەیی، بەڵكو دەبێتە فاكتەری ناوچەیی كاریگەر لە پێناو هاریكاری بونیادنەر و پشتگیریكردنی ئیرادەی دیالۆگ و بەهاكانی لێكتێگەیشتن لەنێوان وڵاتە جیاوازەكاندا.

ئەوەشی خستەڕوو" بە پشت بەستن بەو بنەما گشتیانەی حكومەتەكانی عێراق پەیڕەویانكردووە، دەتوانین هەوڵ و ڕۆڵی عێراق لە دروستكردنی كەشێكی گونجاو و پاڵپشت بۆ گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ، شانشینی عەرەبی سعودیە و كۆماری ئیسلامی ئێران پشتڕاستبكەینەوە".

وتیشی" لە ڕاستیشدا هەوڵەكانمان بەبێ ئەنجام دەبوون ئەگەر ئیرادە و هاریكاری بونیادنەرانەی حكومەتەكانی هەردوو وڵاتی دراوسێ نەبوایە".

ئەمەش لە کاتێکدایە كۆنفڕانسی دیالۆگی بەغدا ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، تێیدا چەندین وەزیر و سەرکردەی عێراق بەشداربوون.


AM:10:28:24/02/2024