لە عێراق تا ئێستا پارێزگا تێکەڵەکان شکستیان هێناوە لە پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی

سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێم تێدەپەڕێت، لەو پارێزگایانەی کە یەک رەنگن، شیعە، سونە، تونراوە دەسەڵاتی خۆجێی پێکبهێنرێت، بەڵام لە پارێزگا رەنگاو رەنگەکان بە شیعە و سونە و کورد نەتوانراوە پارێزگار و پۆستەکانی تر دابەشبکرێت. سودانیش لەسەر هێڵە بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ( ئەلشرق ئەوسەت ) بڵاویکردۆتەوە، ئەو پارێزگایانەی زۆربەیان شیعە مەزهەبن زیاتر شارەکانی باشور وناوەڕاستی عێراق، لایەنە براوەکان پارێزگار و پۆستەکانی تریان بەسەر لایەنەکاندا دابەشکردووەو، سێ پارێزگاری پێشوش لە بەسرەو واست و کەربەلاوە دانراوەنەتەوە.

هەرچی پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراقە کە سونە مەزهەبن، ئەوانیش بێ کێشە ئیدارەی خۆجێیان پێکهێناوە، بەڵام ئەو پارێگایانەی تێکەڵەن لە شیعە و سونەو کورد تا ئێستا کێشەی تێدایە.

هەرچی پارێزگای کەرکوک محەمەد شیاع سودانی هاتۆتەوە سەر هێڵی قەیرانی کەرکوک و یەکەم کۆبوونەوە بە سەرپەرشتی ئەو سازکرا، بەڵام ئاڵۆزی و تەوافوق نەکردن وەک بەربەستێک ماوەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی، سەرەڕای بەردەوامیی کۆبوونەوەکان، بڕیاریشە سەرەتای مانگی ئازار جارێکی تر سودانی لەگەڵ ئەنجومەنە براوەکەو لایەنەکان کۆبێتەوە. 

لە پارێزگای نەینەوا لە باکوری عێراق کە لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەوە هەمەچەشنە، حکومەتە خۆجێیەکەی لە ڕێگەی کۆدەنگی سیاسییەوە پێکهێنرا کە ئاستی ئایینی یان تائیفیی تێپەڕاند، بەڵام پێدەچوو لەگەڵ ئیرادەی کورد لە ڕێگەی دوو حزبە گەورەکەیەوە ناکۆکی هەبێت. 

وەک رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ کردووە، نەبوونی تەوافوق لەنێوان ئەو دوو حزبە کوردییە، سەرەڕای هاتنەدەرەوەیان بە کورسییەکەوە کە وا دیار بوو کەمتربوو لە چاوەڕوانییەکانیان، بووە هۆی بەهێزبوونی عەرەب، چ شیعە و چ سوننە، هەروەها پێکهاتە ئاینییەکانی تریش کە پشکێکی جێگیریان هەیە لە ڕێگەی کۆتاوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە زۆربەی پۆستە گرنگەکان لە ئیدارەی ناوخۆییدا وەربگرن، بەتایبەتی پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا.



AM:09:07:26/02/2024