باوکێک کچە ١٧ ساڵەکەی لەسەربان هەڵدەداتە خوارەوە


لە خورماتوو باوکێک دوای ئەشکەنجەدانی کچە تەمەن ١٧ ساڵانەکەی لەسەربانی ماڵەوە فڕێیداوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە. 

رووداوەکە سەرەتا لەلایەن کچێکی ئەو پیاوەوە ئاشکرابووە، کە لە باشوری عێراق ژیاوە دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوکی لە خورماتوو، هەستدەکات خوشکە ١٧ ساڵانەکەی گیانی لە دەستداوەو، دواتر تەرمەکەی دەبرێتە نەخۆشخانە و پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادار دەکرێتەوە. 

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، عەمید حوسێن عەلی بەڕێوبەری پۆلیسی گشتی دوزخورماتوو دەڵێت "دوای رووداوەکە و باوکی کچەکەمان دەستگیرکردووە، لە لێکوڵینەوەدا باوکەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و، وتویەتی؛ ماوەی دوو رۆژە ئەشکەنجەی دەدەم، ئێوارەی ئەمڕۆش لەسەر بانی ماڵەوە فڕێیداوەتە خوارەوەو دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە”. 

باوکەکە تەمەنی ٤٤ ساڵەو خاوەنی دوو خێزانەو تا ئێستا نازانرێت بۆ کچەکەی بەو دەردە بردووە.

لەگەڵ گەیاندنی تەرمی کچەکە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خورماتو و ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوتووە کە کچەکە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە و تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بوو، هەروەها لاشەی شۆینی ئەشکەنجەی پێووە دیار بووەو، بۆ لێکوڵینەوەو زیاتر تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە.



AM:08:54:01/03/2024