" ئەم هەفتەیە بەغدا مووچە دەنێرێت "

تەواوکردنی لیستی مووچەی وەزارەت و دەستەکانی هەرێمی کوردستان بە زمانی عەرەبی تەواو بووەو رەوانەی بەغدا دەکرێت، ئەم هەفتەیەش وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەکات.

بەپێی زانیارییەکان ماڵپەڕی ( سپی ) ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دەنێرێت بۆ بەغدا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە شەممەوە بە فەرمانی وەزارەتی دارایی کار لەسەر ئامادەکردنی لیستی مووچە دەکرێت و  دوێنێ چەند وەزارەتێک مابوو تەواوی بکات، ئەمڕۆ دوو شەممە بە تەواوکراوی دەنێردرێت بۆ بەغدا.

لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەکە لە بەغداوە، وەزارەتی دارایی دەستدەکات بە دابەشکردنی و بڕیارە وەک مانگی رابردوو لە هەفەتەیەکدا دابەشبکرێت.

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە لە رۆژانی داهاتوودا وەفدێکی بانکە حکومییەکان سەردانی هەرێم بکەن بۆ رێکخستن و ئاسانکردنی دروستکردنی کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تا لەو رێگایەوە مووچەیان پێبدرێت.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ مووچەی مانگی سێ دەبێت لە رێگای کارتی بانکییەوە بێت و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم کە ژمارەیان لە میلۆنێک و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر زیاترە لەو مانگەدا ئەو کارتەیان بۆ دروستبکرێت، هەرچەندە چاودێرانی ئەو بوارە ئەو کارە لە مانگێکدا بە ئەستەم دەزانن.




AM:07:54:04/03/2024