کەشناسی هەرێم: بارانبارین و بەفر دەستپێدەکات

ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" سبەینێ لە کاتەکانی شەودا نمە باران و بارانى مام ناوەند دەبارێت، هەروەها بەفریش لە ناوچە شاخاویەکان دەبارێت". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ بەگشتی ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەگەری کەمێک نمە باران لە هەندێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتى هەرێم وە هەروەها کەمێک بەفربارین لە زنجیرە شاخاوییە سنووریەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم، هاوکات خێرای با (١٠ – ١٥)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ٩)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە کاتەکانی شەودا نمە باران دەبارێت پاشان شێوازى بارانبارین دەگۆڕێت، لە هەندێ ناوچەى باکور و باکورى ڕۆژهەڵات بۆ بارانى مام ناوەند و هاوکات بەفریش لە ناوچە شاخاوییەکان و هەندێک لەو شاروچکانەى نزیک ناوچە شاخاویەکان دەبارێت لە کاتەکانى دواینیوە شەو، بەڵام لە سەنتەرى پارێزگاکان تەنها نمە باران دەبارێت، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش یەک پلە بەرزتردەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ جگە لە پارێزگای دهۆک کە کەمێک نزمدەبێتەوە . 


AM:10:52:05/03/2024