"لە ماوەی ئەمساڵدا توركیا ٢٤١ هێرشی بۆسەر هەرێم ئەنجامداوە"

رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایدەگەیەنێت" لە ماوەی ئەمساڵدا توركیا ٢٤١ بۆردومانی بۆسەر هەرێمی كوردستان ئەنجامداون و بەهۆیانەوە چوار هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون". 

تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، لەبارەی بۆردومانەکەی دوێنێی تورکیا لە سنووری ناحیەی شیلادزێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" کاتژمێر (٦:٣٠) خولەکی سەرلەبەیانی دوێنێ، فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا بۆردومانی چیای حەوت تەبەقێی لە گوندی بەریسکێ لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ کرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا دوو هاوڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی سەعید موبارەک زێباری تەمەن ٤١ ساڵ، کە پیشەی پێشمەرگە بووە و ئاراز فەرەج حاجی ٢٩ ساڵ کە وەکو سکرتێر لە نۆڕینگەی دکتۆرێکدا کاری دەکرد شەهیدبوون". 

وەك رێكخراوەكە ئاماژەی پێداوە" هەر لەو بۆردومانەدا، هاوڵاتیەکی تری مەدەنی بە ناوی ساڵح موبارەک زێباری برینداربوو كە هەر سێ قوربانییەکە خەڵکی گوندی دیویکێن لە ناحیەی دینارتە و بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە ڕویان کردبوە چیا". 

سی پی تی ئەمریكی راشیگەیاندووە" بە تەنیا لە مساڵدا تورکیا ٢٤١ بۆردومانی بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە و لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەشدا چوار هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و کەسێکی تریش برینداربووە". 


PM:06:14:09/03/2024