لیژنەی ئەمنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پێکهێنرا

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێکهێنانی لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند" بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکھێنراوە کە بڕیارە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئەندامە تیایدا".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا جومانە غەلای لەسەر ئەرکی لیژنەکە وتی" ئەرکی لیژنەکە پاراستنی ئاسایشی و ئارامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بۆئەوەی بە ئاسانترین شێوە بەڕێوەبچێت لەگەڵ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان و تۆمارکردن و گەنجینەکانی تایبەت بە کەرەستەکانی دەنگدان بە پاراستنی ئاسایشی دەنگدەرانیشەوە لە رۆژی ھەڵبژاردندا لەگەڵ گواستنەوەی سەرجەم کەرەستە و پێداویستییەکانی دەنگدان".

بڕیارە ١٠ ی حوزەیرانی ئەمسال هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت لەسەر شێوازی فرە بازنەیی و، هەڵبژاردنەکەش لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت.



PM:11:32:09/03/2024