لە بەردەم نەخۆشخانەی شار کەسێکی ئەمنی بە تەقە کێشە دروست دەکات

کەمێک پێش ئێستا کەسێکی ئەمنی لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کە بۆ سەردانیکردنی نەخۆشێک دەچێت لە پرسگەی نەخۆشخانەکە داوای دانانی چەکەکەی لێدەکرێت، بەڵام ئەو ڕەتیدەکاتەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەو کەسە چەکەکەی دانانێت و چەند فیشەکێک بە ئاسماندا دەتەقێنێت، دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێت. 

لە ڕووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لە ناو خەڵکەکەدا دروستبووە لە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەدا کە بە گەورەترین نەخۆشخانەی پارێزگای سلێمانی دادەنرێت.

نەخۆشخانەی شار ناسراو بە نەخۆشخانەی (٤٠٠) قەرەوێلەییەکە یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشانەکانی شاری سلێمانی و لە ڕووی پسپۆڕییەوە بە نەخۆشخانەیەکی فێرکاری گشتی دادەنرێت، لە ساڵی (٢٠٠٣)دا بەردی بناغەی دانراوە و لە (٢٠١٣)دا پڕۆژەکە تەواوکراوە و لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ بەشێوەیەکی فەرمی نەخۆشخانەکە دەستی بە کارکردن کردووە. 


PM:11:30:11/03/2024