١٠ لایەنی تورکمانی بایکۆتی هەڵبژاردنی کوردستان دەکەن


ئەمرۆ سێ شەممە نوێنەرانی ١٠ حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەهێشتنی ١١ کورسی کۆتا لە کۆیی ١١١ کورسی پەرلەمان، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری کە ئەمڕۆ ١٢ ی ئازار  نوێنەرانی ١٠ حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەولێر سازیانکرد رایانگەیاند " لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە بڕیارە رۆژی ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت".

لە کۆنگرەکەدا ئاماژەشیان بەوەش کرد، "زۆرینەی ئەو حزب و لایەنە سیاسییە تورکمانانەی لە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی رابردوودا کورسییان هەبووە، واژوویان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە".

داواش لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن "کار بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بکەن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان. بڕیارەکە نادەستوورییە و مافی پێکهاتەکانی پێشێلکردووە".

دوێنێش پارتە کلدوئاشورییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوانیش لەبەر نەهێشتنی کۆتا بایکۆتی هەڵبژاردنیان راگەیاند.



PM:02:28:12/03/2024