نەرمین مەعروف: ئەو پارەیەی نێردراوە بەپێی لیستەکان بووە نەک پشکی هەرێم

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە بۆ مووچە تایبەتە بەو لیستانەی بۆ بەغدا نێردراون و وردبینییان تێدا کراوە.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق تەیف سامی قسەمان کردووە، و پێی ڕاگەیاندین ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە نێردراوە تایبەتە بەو لیستەی نێردراوە و وردبینی تیا کراوە".

دەربارەی نەناردنی مووچەی هێزە سەربازییەکان و بەشێکی تری مووچە خۆران، د.نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەداوە، وەزیری دارایی عێراق بە ڕوونی پێی ڕاگەیاندوین ئەو لیستانە نەهاتونەتە وەزارەت یان نەنێردراون پارەیان بۆ تەرخان نەکراوە، و تا سەرجەم لیستەکان نەنێردرێت و وردبینی تیا نەکرێت پارەیان بۆ نانێردرێت،

ئاماژەی بەوەشدا، پرسیارمان لە تەیف سامی کردووە دەربارەی جیاوازی بڕی پارەکە لەچاو مانگی پێشوودا، تەیف سامی وتی: ئەو پارەیەی مانگی پێشو نێردراوە پشکی هەرێم بووە لە مووچە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لێدراوە، بەڵام لەم مانگەوە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە لیستی مووچە سەرجەم وەزارەتەکان تەمویل دەکرێن.

هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند" ئەوەی بەغدا لەگەڵ هەرێم دەیکات جیاکارییە و بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە، ئەو پارەیەی نێردراوە زۆر کەمترە لەو بڕەی پێویستە و مەسرەر بارزانی لە هەوڵدایە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، و بەهیچ شێوەیەک ئەو پارەیە لەلایەن هەرێمەوە وەرناگیرێت تا بڕی پێویست نەنێردرێت".


PM:09:58:13/03/2024