پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ناوی خۆی تۆماركرد

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی ئازاری ٢٠٢٤ حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێوەیەکی فەرمی ناوی خۆی لە کۆمسیۆنی باڵای عێراق، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد. 

تائێستا هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان و پارتی ئیراده‌ی گه‌ل كه‌ لاهور جه‌نگی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات داواکارییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکردوە. 

هەروەها له‌ شاری سلێمانیش هەریەک لە یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان و جوڵانەوەی نه‌وه‌ی نوێ و ژماره‌یه‌ك پارتی دیكه‌ داواكاریان پێشكه‌شكردووە. 

هەر ئەمڕۆش لیستی هاوپەیمانی (سەردەم) کە لایەن عەبدوڵای حاجی مەحمود سەرۆکایەتی دەکرێت لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرا. 

هاوپەیمانێتییەکی دیکەش لە نێوان حزبی شیوعی کوردستان و زەحمەتكێشان و پارتی سۆسیال دیموكرات و بزوتنەوەی گەلی دیموکرات پێكهێنرا و بڕیارە محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە بێت. 

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت کە پرۆسەکە بە سیستمی چوار بازنەی بەڕێوەدەچێت و لایەنەکانی هەرێم کێبڕکێ لەسەر (١٠٠) کورسی پەرلەمان دەکەن و کۆمسیۆنی عێراقیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات.

بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای عێراق كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە بازنەی پارێزگای هەولێر (٣٤) كورسی بۆ تەرخانكراوە و لە بازنەی پارێزگای سلێمانیش (٣٨) كورسی، لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجەش سێ‌ كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەردەكەوێت، هەروەها لە بازنەی پارێزگای دهۆک (٢٥) كورسی بۆ تەرخانكراوە.


PM:02:59:14/03/2024