فیدان: نابێت رێگە بدرێت دوژمنی هاوبەشمان پەیوەندییەکان ژەهراوی بکات

لە دوای کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیاو عێراق، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا داوایکرد" ڕێگە نەدرێت "دوژمنی هاوبەش” پارتی کرێکارانی کوردستان پەیوەندییەکان نێوانمان ژەهراوی بکات".

ئەمڕۆ پێج شەممە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و، جەختیکردەوە کە عێراق نوێنەرایەتی ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە دەکات.

ئەو سەردانە لە کاتێکدا تورکیا ئاماژە بۆ هێرشێکی فراوان بۆ سەر هەرێم و رۆژئاوای کوردستان دەکات، هەرچی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستانە پێیانوایە ئەو هێرشە لەبەر هەڵوێستی ئەمەریکا ئەنجام نادرێت.  

فیدان لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی فوئاد حوسێن باسی هاوکاریی هەردوو وڵاتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردووە، داوای کردووە ڕێگە نەدرێت "دوژمنی هاوبەش” پارتی کرێکارانی کوردستان پەیوەندییەکان ژەهراوی بکات".

وەزیری دەرەوەی تورکیا جه ختی کردەوه که "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق له سیاسەتی دەرەوەی ئێمەدا رێزگرتنە لەسەروەرییەکانی عێراق، ئەمەش وەک پرنسیپێکە لەسیاسەتی دەرەوەی تورکیادا".

لە لایەنی ئابووریشەوە فیدان ڕایگەیاند" قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق کەمترە لە توانای ڕاستەقینەی ئابوری نێوان هەردوو وڵات".

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی بە کردەیی وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بابەتی جۆراوجۆر تاوتوێ کراون و جەختیشی لەوە کردەوە کە پرەنسیپی بەغدا "لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزییەکان و کێشەکاندا گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنی تورکیا".

حسێن جەختی لەوەش کردەوە کە عێراق ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات خاکی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ.

وه زیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە میانەی دانوستانەکاندا دەستی خستۆته سەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت له ڕێگەی کوردستانی عێراقەوه، هەروەها لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی باسی له گرنگی بەدەستهێنانی عێراق "پشکێکی دادپەروەرانە  لەئاو" کرد.

عێراق هەوڵدەدات لەگەڵ تورکیا ڕێکبکەوێت بۆ زیادکردنی ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.

ئەو سەردانە کە لەگەڵ فیداندا وەزیری بەرگری و بەرپرسی دەزگای سیخوڕی میت هاوەڵیان دەکرد، لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی تورکیا خۆیان بۆ هێرشێکی فراوان ئامادە دەکەن کە لە بەهاری ئەمساڵ دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجامی بدات بۆ هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان. 

حزبەکانی رۆژئاوای کوردستان پێیانوایە کە نە ئەمەریکا رێگا دەدات سوپای تورکیا هێرشبکاتە سەر رۆژئاوا، نە روسیا ئەو پەیوەندییە باشەی ماوە لەگەڵ تورکیا کە ئەو هێرشە پەسەند بکات.



PM:09:29:14/03/2024