"دەستگیرکراوێکی سەردەمی شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا"

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری تیکاب کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن ژیان ئازادی) لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەقز دەستگیرکرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەدا گیانی لەدەستدا".

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو مێهران ئەکرەمی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی شاری تیکاب کە لە ڕەوتی شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) لە شاری سەقزدا دەستگیرکرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەدا گیانی لەدەستدا". 

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەکرەمی کە بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاندووە"، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە پەیوەندییان بەو بنەماڵەوە کردوو و پێیان ڕاگەیاندوون کە منداڵەکەیان گیانی لەدەستداوە و داوایان لێکراوە تەرمەکەی وەرگرنەوە، بەڵام کاتێک بۆ وەرگرتنی تەرمی مێهران ڕۆیشتوونەتە بەندیخانەی ناوەندی سەقز پێیان وتراوە کە تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی خومەینییە". 

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە" بنەماڵەی ئەکرەمی دوای ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانەی خومەینی زانیویانە کە تەرمی مێهران بە مەبەستی توێکاری بۆ پزیشکی یاسایی گواستراوەتەوە و تەنیا کاتێک تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە کە باوکی مێهران نووسراوێک واژوو بکات کە لەوێدا هاتووە وەڵامی توێکارییەکە یەک ساڵی دیکە بەوان دەدرێتەوە". 

بنەماڵەی ئەکرەمی دەشڵێن" ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان ڕۆیشتوون و بینیویانە کە دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە ژوورەکەیدا جێگیرکراون و هەردوو دەست و قاچی بە تەختەکەی بەستراوەتەوە". 

مێهران ئەکرەمی لە لاوانی وەرزشوانی ڕشتەی تایکواندۆ بوو و خاوەنی چەندین مەدالیا لە ئاستی پارێزگا و وڵاتەکان لەو وەزشەدا بووە.


PM:02:07:16/03/2024