کەشناسی : لێزمە باران دەبارێت و خێرایی با چالاک دەبێت

کەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە سبەی و دووسبەی ئاسمانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت، بەڵام لە سبەیەوە لێزمە باران دەبارێت و خێرایی با چالاک دەبێت و پلەکانی گەرما ٢ تا ٣ پلە نزم دەبنەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کەشناسی هەرێم ئەمڕۆ یەک شەممە ١٧ی  ئازاری ٢٠٢٤ کەشی ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، و پلەکانی گەرما  کەمێک بەرز دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی رۆژی پێشوو. 

کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە کە سبەی دووشەممە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤ کەشی ئاسمان لەئەنجامی ھاتنی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور بۆ ناوچەکانمان ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بەدرێژای کاتەکان ھەوری تەواو ئەبێت و لەکاتەکانی بەیانیدا تاوە بارانی رێژە مامناوەند و پچر پچر لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر دەستپێدەکات و لەکاتەکانی پاش نیوەرۆدا بارانەکە بەرێژەی کەم و پچر پچر ناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە ئەگرێتەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو" لەکاتەکانی ئێوارەوە بای باشور و باشوری رۆژھەڵات لەزۆربەی ناوچەکان چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥  تا ٣٠کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا، لەکاتەکانی شەودا کاریگەری شەپۆلەکە چرتر ئەبێتەوە بەتایبەت لەناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی باکوری پارێزگاکە ئاستی دابارین زیاتر ئەبێت و لێزمە باران و ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت و لەناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و ئیدارەی گەرمیانیش بەھەمان شێوە لەکاتەکانی شەودا رێژەی بارانەکە زیاتر ئەبێت و ناوبەناو تاوە بارانی مامناوەند ئەبێت".

ئاماژەی بەوەشداوە پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٣ تا ٥ پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : ١٦

سلێمانی :١٧

دهۆک :   ١٥
 
زاخۆ  : ١٦ 
     
هەڵەبجە : ١٦

کەرکوک : ١٨

سۆران : ١٤

حاجی ئۆمەران : ٧

گەرمیان : ٢١



AM:11:31:17/03/2024