ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤ بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکی نێوان (مەهاباد - ورمێ) ڕووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان پاسێک و ئۆتۆمبێلێکی نیسان ڕوویدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەنجامی ڕووداوەکە سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلە نیسانەکە گیانیان لەدەستدا و ١٠ کەسی دیکەش کە سەرنشینی پاسەکە بوون برینداربوون، دوای ڕووداوەکەش سەرجەم بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی ورمێ و نەقدە گوازراونەتەوە کە دوو کەس لە بریندارەکان باری تەندروستیان ناجێگیرە.
لە ساڵی (٢٠٢٣)ەوە تا مانگی شوباتی ئەمساڵ ١٤ هەزار و ٢٣٤ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و ٢٧٣ هەزار و ٥٣٥ کەسیش برینداربوون.