"پرسی هەڵبژاردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرەکیترین کارمانە"

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤ سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆبووەوە لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق جەختی کردەوە کە پرسی هەڵبژاردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرەکیترین کاریانە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، تێیدا هاتووە" ئەمڕۆ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگا کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا پتەوکردنی ڕۆڵی دامودەزگاکانی دەوڵەت تاوتوێ کرا". 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند" ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە وڵات بەهرەمەندە، نوێنەرایەتی دەستکەوت و شایستەیەکی گرنگ دەکات کە دەبێت بپارێزرێت، وەک بنەمایەک بۆ دەستپێکردن و گەیشتن بە گەشەپێدانی ئابووری و بەرزکردنەوەی وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دامەزراوە دەوڵەتییەکان ڕۆڵ و هەوڵەکانیان لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەهێزتر بکەن، پشت بە یاسا و دەستوور ببەستن، هەروەها گفتوگۆی دیموکراسی ڕێگای چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت کە ڕووبەڕووی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەبێتەوە. 

هەروەها لای خۆشیەوە دادوەر جاسم محەمەد سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دووپاتیکردەوە کە" پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی دادگا". 

ئەوەشی خستەڕوو، دادگای باڵای فیدراڵی ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کاربکات بۆ بەدەستهێنانی ئه‌و ماف و شایستانه‌ له‌ ژێر سه‌قفی ده‌ستوردا.


PM:10:17:24/03/2024