کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا هۆکاری سڕینەوەی ناوی کۆمەڵەکەیان لەسەر بەیاننامەی هاوبەشەکەی (کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، کۆمەڵەی پێشمەرگە کەم ئەندامبووەکانی سەنگەر، کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان و کۆمەڵەی رێکخستنە دێرینەکانی کوردستان) کە لەرۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٤دا بەیاننامەیەکیان لەبارەی دۆخی ئێستای کوردستان و کێشەی مووچەیی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاو کردەوە، رووندەکاتەوە و دەڵیت" بەمەبەست و وەک پیشەی هەمیشەیی لە دژایەتی کردنی کۆمەڵەکەمان ناوی ئێمە لەسەر بەیاننامەکە لادراوە لەکاتێکدا کۆمەڵەکەمان بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بووە کە لەنێوان ئەو پێنج کۆمەڵەدا ئەنجامدراوە تایبەت بە دەربڕینی هەڵوێست و پشتیوانی خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان و مووچەخۆرانی وڵات و ئیمزامان لەسەر بەیاننامەکە کردوە".
هەروەها راشیانگەیاندووە" بەداخەوە دەبێ ئەوەش بڵێین لابردنی ناوی کۆمەڵەکەمان لەسەر ئەم بەیاننامەیە خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت".
دەقی روونکردنەوە:
روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
بەپێویستمانزانی ئەم روونکردنەوەیە بخەینە روو تایبەت بە بەیاننامە هاوبەشەکەی (کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، کۆمەڵەی پێشمەرگە کەم ئەندامبووەکانی سەنگەر، کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان و کۆمەڵەی رێکخستنە دێرینەکانی کوردستان) کە لەرۆژی2024/3/25 بەیاننامەیەکیان لەبارەی دۆخی ئێستای کوردستان و کێشەی مووچەیی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاو کردەوە کەبەداخەوە دەڵێین بەمەبەست و وەک پیشەی هەمیشەیی لە دژایەتی کردنی کۆمەڵەکەمان ناوی ئێمە لەسەر بەیاننامەکە لادراوە لەکاتێکدا کۆمەڵەکەمان بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بووە کە لەنێوان ئەو پێنج کۆمەڵەدا ئەنجامدراوە تایبەت بە دەربڕینی هەڵوێست و پشتیوانی خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان و مووچەخۆرانی وڵات و ئیمزامان لەسەر بەیاننامەکە کردوە، بەڵام بەداخەوە بێ ئەوەی ئاگاداربین و بێ هیچ روونکردنەوەیەک ناو و ئیمزای کۆمەڵەکەمان لەسەر بەیاننامەکە لابراوە.
لێرەوە بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە کۆمەڵەی ئێمە پێکدێت لە هەزاران زوڵم لێکراو و ماف خوراو، خەروارێکین لە تێکۆشەرانی زیندانە سەختەکانی سەردەمی شەڕی نەفرەت لێکراوی ناوخۆ بۆیە زیاتر لە هەر کەس و رێکخراو و لایەنێک هەست بە ئێش و ئازاری تاک بەتاکی کۆمەڵگاکەمان دەکەین و ئاشناین بەو زوڵم و زۆردارییەی دەرهەق بە گشت لایەک دەکرێت هەر بۆیە هەمیشە خۆمان لەو بەرەیە دەبینینەوە کە بەرەی غەدر لێکراو و مافخوراو و چەوساوەکانی دەستی دەسەڵاتی بێباکی کوردستانن کە تا ئێستاش گشت ئەندامانی کۆمەڵەکەمان مافیان دەخورێت و بەداخەوە لە ماوەی بیست ساڵ کارکردنمان ئەو زوڵم و ماف خواردنەی دژمان درێژەی هەیە.
بەداخەوە دەبێ ئەوەش بڵێین لابردنی ناوی کۆمەڵەکەمان لەسەر ئەم بەیاننامەیە خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت و لەسەرووی ئەمەش متمانە و ئەمانەتداری ئەو کۆمەڵانە دەخاتە ژێر پرسیار کە هەڵساون بەو کارە کە دوورە لە کاری رێکخراوەیی.
لەگەڵ رێزدا...
کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی ناوخۆ