کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان ڕاگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" تا کۆتایی ئەم هەفتەیە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات، هەفتەی داهاتووش شەپۆلێکی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات و تاوەکو دەگاتە (٣٠) پلەی سیلیزی". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگەشەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بەگشتی دەگرێتەوە و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بارانەکە چڕ دەبێت. 

بەپێی پێشبینییەکانی ئاراس جەبار، شەپۆلەکە تاوەباران و هەورە برووسکەی ناوبەناوە و تاوەکو هەینی ١٢ی مانگ بەردەوام دەبێت.

لەبارەی کەشوهەوای جەژنی ڕەمەزانەوە ئاراس جەبار باس لەوەدەکات، رۆژانی جەژنیش دەکەونە نێو شەپۆلەکەوە، بەڵام پلەی گەرما زۆر دانابەزێت و فێنک دەبێت، نەوەک سارد. 


PM:08:43:01/04/2024