هەولێر.. چوار کەس بە تۆمەتی هەڵکوتانەسەر ماڵان و سووتاندنی ئۆتۆمبێل دەستگیرکران

ئەمشەو دووشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی چوار کەسی بە تۆمەتی هەڵکوتانە سەر ماڵان و سووتاندنی ئۆتۆمبێل راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای ئەنجامدانی بەدواداچون لەلایەن هێزەکانمان و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر چوار تۆمەتبارمان بەناوەکانی(ش ،م ،ی) و(ع ،س،م) و(ن ، أ ، پ) و(ل ، م ، ک) دەستگیرکرد". 

ئەوەش هاتووە" لە ناویاندا تۆمەتباری سەرەکی (ش ،م ،ی) لەسەر پارەو میرات بۆتە کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ماڵی خاڵەکانی و بەو هۆیەوە سێ تۆمەتبارەکەی دیکەی چەند جارێک هانداوە لە بەرامبەر بڕێک پارە تاکو هەڵبکوتنە سەر ماڵی ئەو خاڵانەیان و بەو نیازەش چەکی بێ مۆڵەتیان بەکارهێناوە و تەقەیان لە ماڵی خاڵەکانیان کردووە، دواینجاریش لەلایەن تۆمەتبار (ع ، س ، م) هەوڵی سوتاندنی ئۆتۆمبیلەکەی خاڵی دابوو لە گەڕەکی موفتی شاری هەولێر". 


PM:10:07:01/04/2024