پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان لە ئێران رووی لە زیادبوونە

بە گوێرەی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، لە ئێران پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان رووی لە زیادبوونە، لە ماوەی مانگی رابردوودا( مارس) پێشێڵکاری جۆراوجۆر بەرامبەر بە ژنان تۆمار کراوە.

بە پێی راپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەر پێشێڵکردنی مافەکان بەرامبەر بە ژنان لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا " لانی کەم سزای سێدارەی یەک ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە ٧ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون، کە دەکاتە ١٠.٥٪ی سەرجەم هاوڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدایە و ١٣ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، کە ١٠ کەسیان لە چالاکانی ژن لە پارێزگای گیلان بوون. 

راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "  لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانی کەم ١٣ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمارکراوە، کوژرانی ١٢ کەس لەوان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە وەکوو هاوژین، هاوژینی پێشوو، کوڕ و براکەیانەوە ڕوویداوە".

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٦ ژن لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە، ٤ ژن لەلایەن هاوژینە پێشووەکەیانەوە، یەک ژن لەلایەن زاوای بنەماڵەوە، یەک ژن لەلایەن کوڕەکەی و یەک ژنیش لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژراون، هەروەها لە ١٠ حاڵەت هۆکاری بکوژ بۆ ئەنجامدانی تاوان بە کێشەی خێزانی نێو براوە، و زۆرترین حاڵەتی ژنکوژی لە پارێزگای کرماشان بووە".
 
ژنکوژی بەرزترین پلەی دژایەتی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە. یاسا و بیری دژ بە ژنان ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و ئەوە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.



PM:01:00:06/04/2024