"هەرێمی کوردستان دووچاری زیانێکی گەورە دەبێتەوە"

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هەرێم دەیەوێت لەسەر ئەوەی پێشتر بە دەستیهێناوە کە پێچەوانەی دەستوربوە، بەردەوام بێت، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک دروست نییە و قبوڵ ناکرێت". 

یوسف كیلابی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە" هەرێم دەیەوێت لەسەر ئەوەی پێشتر بە دەستیهێناوە کە پێچەوانەی دەستوربوە، بەردەوام بێت، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک دروست نییە و قبوڵ ناکرێت، دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی دەستیکرد بە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و جێبەجێکردنی دەستور و یاساکان کەوتنە سەر ڕێچکەی ڕاستی خۆیان، بە تایبەتی دوای ڕزگارکردنی عێراق لە چنگی ڕێکخراوی داعش، هەرێم ئەمەی پێ قبوڵ نییە و دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی کە پێشترهەبوون". 

کیلابی وتیشی" ئێمە دەمانەوێت لایەنە سیاسیەکانی هەرێم خۆیان یەکلابکەنەوە؛ ئایا ئەوان چیان دەوێت؟ ئایە دەیانەوێت لە عێراق جیاببنەوە وەک ئەوەی پێشتر پارتی کردی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆی ڕاگەیاند، یان دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی بمێننەوە و پابەندبن بە دەستوری عێراق و دامەزراوە فیدراڵییەکان؟ دەستور دەسەڵاتی هەرێمەکان و حکومەتی فیدراڵی دیاریکردوە لە چوارچێوەی سیستەمێکی لامەرکەزییەت". 

یوسف کیلابی دەشڵێت" ئێمە دەمانەوێت بزانیین لە ئێستادا هەرێم چی نییە؟ هەرێم بەشداری لە هەمو شتێکی حکومەتی عێراقدا دەکات، لە کاتێدا بەغداد بەشدار نییە لە هیچ شتێکی هەرێم، بەغداد تەنیا فەرمانبەرێک یان پۆلیسێکی لە هەرێمدا نییە، من باوەڕم وایە ئەو دەسەڵاتانەی کە دراون بە هەرێم لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیاییدا نەدراون بە هیچ هەرێمێک لەناو وڵاتێکی فیدراڵیدا، ئەودەسەڵاتانەی کە لە ئێستادا هەرێم هەیەتی هەندێک لە وڵاتانی جیهان نیانە، بۆیە من پێموایە دەبێت هەرێم خۆی یەکلاییبکاتەوە، ئایا دەیەوێت جیاببێتەوە، یان دەیەوێت لە چوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە، ئەگەر بژاردەی دوەم هەڵبژێرێت ئەوا دەبێت هەرێم پابەندبێت بە دەستورەوە، بە پێچەوانەوە گەر هەرێم بەردەوام بێت لە ئاژاوەنانەوە و شەڕانگێزی ئەوا بە هەموو پێوەرێک دوچاری زیانێکی گەورە دەبێتەوە".


PM:03:00:06/04/2024