کەشناسی: لە یەکەم ڕۆژی جەژندا باران دەبارێت و پلەکانی گەرماش دادەبەزن

ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرماش دادەبەزن". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو، لە دواینیوەرۆ باران بارین دەستپێدەکات و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت هەموو ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، لەگەڵ بارینی باران پێشبینیدەکرێت خێرایی با زیاد بکات بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشور و ناوەراستی هەرێم، وە لە هەندێ ناوچەى دەشتى هەولێر (قوشتەپە و دیبەگە) وە هەندێ ناوچەى ڕۆئاوای سلێمانى (بازیان و چەمچەماڵ) ئیدارەى ڕاپەڕین و قەزای کۆیە و دەوروبەرى ئەگەرى بارانى بەلێزمە هەیە، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٦ – ٩)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. 

لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ چوارشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، کەشناسی ئاماژە بەوەدەکات، سبەینێ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت سەرەتا بارانبارین و هەورە بروسکە لە ناوچە شاخاوییەکان و پارێزگای سلێمانى دەبێت پاشان سەرجەم ناوچەکانى هەرێم دەگرێتەوە، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ (سێ تا پێنج) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە.


PM:12:03:09/04/2024