" دوو کەسی نزیک لە شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە بەغدا دەستگیرکران "

دەنگی ئەمەریکا ( بەشی کوردی ) ئاشکرای دەکات کە دوو کەس نزیک شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە بەغدا دەستگیرکراون.

ئەو میدیایە بڵاویکردەوە کە بەپێی سەرچاوەکانی خۆیان " دوای ٩ مانگ دوورکەوتنەوەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە سلێمانی، بڕیاربوو دوێنێ شەو لەگەڵ دوو کەسی نزیکی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنی دوو کەسە نزیکەکەی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی بەغداوە، سەفەرەکەی هەڵوەشاوەتەوە".

هەروەها بڵاوکراوەتەوە " ئەو کەسانەی دەستگیرکراون هەریەکە لە سەربەست ساڵح بەرپرسی دارایی تەریقەت و کەمال کوبەیسی وتەبیژی فەرمی تەریقەتن، کە هەردووکیان پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە."

 لە بەدواداچوونێکی " سپی "دا دەرکەوتووە ئەم کێشەیە " شەخسی "یە لە نێوان شێخ نەهرۆ و دوو برایدایە لەسەر موڵک و ماڵ لە بەغدا، دەستگیرکردنی ئەم دوو کەسەش دەگەرێتەوە بۆ هەمان هۆکارو دوای چەند کاتژمێرێک ئازادکراون.

ڕۆژی ٧ی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە "خۆبەخشەکەی" گەرمیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی، دادگای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەربەست ساڵح بەرپرسی ئابووری تەریقەتی کەسنەزانی دەرکردبوو. هەرچی کەمال کوبەیسیە بە قسەی سەرچاوەکەی تەریقەتی کەسنەزانی "چەندین دۆسیەی یاسایی تایبەت بە پرسی بازرگانی لە بەغداد لەسەرە" و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان پەیوەندی بەو دۆسیانەوە هەیە.

هەرچی دەزگای ئاسایشی هەرێمە، بێ ئاگایی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنەکە دەبڕی.

ماوەی نۆ مانگە شێخ نەهرۆ سلێمانی بە جێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە تەکیەکەی لەو شارە.

ڕۆژی 11ی مانگی یەک هێزێکی زۆری ئەمنی سلێمانی چونە سەر تەکیەی کەسنەزانی. بە پێی قسەی کەسانی نزیک لە تەکیەکەش هۆکاری کۆکردنەوەی هێزەکە بۆ دەستگیرکردنی هەمان ئەو کەسانە بووە، بەڵام ئەوکات تەکیە بەو داوایەی ئاسایش ڕازی نەبوون و بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، "شێخ نەهرۆ وتی کەس تەسلیم ناکەین، هاوکات فەرمانیکرد لەلایەن خەلیفە و دەروێشانەوە بەرپەرچیان بدرێتەوە و ناڕەزایی دەرببڕن."



PM:01:52:09/04/2024