كەشناسی بۆ ئەمشەو و یەكەم ڕۆژی جەژن هۆشداری دەدات

دوو شەپۆلی نزمە پەستانی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست دەگەنە ئاسمانی هەرێمی كوردستان و لەمشەوەوە دەستپێدەكات و سبەینێ‌، كە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە بەردەوام دەبێت و هۆشداری بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسكەی بەهێزیش دەدرێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند" لە ئێستادا ھەورە بروسکەی بەھێز و تەرزە و بارانێکی بەخوڕ لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان چالاک بووە ئەمەش سەرەتای کاریگەری ئەو ناسەقامگیریەیە، کە ڕوودەکاتە ناوچەکانمان بەگوێرەی کات بەتایبەت لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تا سبەی ئێوارەی چوار شەممە".

ڕاشیگەیاند" کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان چالاک و بەھێز ئەبێت و لەو ماوەیەدا ھۆشداری لە دروستبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز ئەدەین لە شوێن و کاتی جیاجیادا و تاوە بارانی بەخوڕ و بارینی تەرزەی زۆر لەو ماوەیەدا ھەندێ شوێن بە بەھێزی ئەگرێتەوە و شوێنی حاڵەتە بەھێزەکان دیاری کراو نابن، بەگشتی ئەگەری بارانی باش ئەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکان'.

ئەو کەشناسە دەڵێت" پلەکانی گەرما سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ ٦ تا ٨ پلە نزم دەبنەوە ، خێرایی با زۆربەی کاتەکان چالاک ئەبێت لەنێوان ١٥ تا ٤٠ کم لە كاتژمێرێكدا".




PM:07:08:09/04/2024