لە یەكەم رۆژی جەژندا خامنەیی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات

لە یەكەم رۆژی جەژندا رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتیكردەوە كە" هەر دەبێت ئیسرائیل سزا بدرێت"، بەهۆی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە سوریا. 

عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا بە بۆنەی رۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە ڕایگەیاند" ئیسرائیل هەڵەی كردووە و پێویستە سزا بدرێت و هەر سزاش دەدرێت". 

وتیشی" کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانە لە هەر وڵاتێکدا بێت وەک خاکی وڵات دادەنرێت، کاتێکیش هێرشدەکرێتە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە، واتە هێرشیانکردووەتە سەر خاکی ئێمە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل توانای بەرەنگاربوونەوەی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی نییە و بۆیە شەش مانگە لە کەرتی غەززە تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات. 

ڕۆژی ١ی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشێکی توندیکردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەهۆیەوە محەمەد رەزا زاهدی گەورە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و پێنج کەسی دیکەش کوژران، بەوهۆیەوەشەوە ئێران و حزبوڵای لوبنانی هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكەن.


AM:11:22:10/04/2024