کەشوهەوای رۆژانی دووەم و سێیەمی جەژن راگەیەنرا

شارەزایەکی کەشناسی کەشوهەوای رۆژانی دووەم و سێیەمی جەژنی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ تا ئێوارە لە هەندێک شوێن ھەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ چالاک ئەبێتەوە، بەڵام سبەی پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سەرەتا لەکاتە جیاوازەکانی ئەمڕۆ تا ئێوارە لەھەندێ شوێن و ناوچەدا ھەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ چالاک ئەبێتەوە و لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکانمان کۆتای پێدێت ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو" سبەی ھەینی ١٢ی نیسان ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆری ساماڵ ئەبێت لەگەڵ کەمێک پەڵە ھەور و کەش سەقامگیر ئەبێت ، بای باکوری ڕۆژھەڵات لە درەنگانی ئەمشەو بەدواوە لەناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین بەگشتی ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥ تا ٣٠ کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا و تا رۆژی چوارشەمەی داھاتوو ١٧ی مانگ، بەردەوامی ئەبێت بەتایبەت لەشەواندا باکە چالاک ئەبێتەوە و لەرۆژدا کەمدەبێتەوە ".

ئاماژەی بەوەشداوە کە پلەکانی گەرما سبەی بەڕاورد بە ئەمرۆ ٢ تا ٣ پلە بەرزدەبێتەوە، و لەرۆژانی دواتردا پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ئەبینێت و تا رۆژی دووشەمە ١٥ی نیسان  ئەگەری بارانبارین نابێت .


بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراوی سبەی 

ھەولێر ٢١ پلە

سلێمانی ١٩ پلە

دھۆک ٢٢ پلە

ھەڵەبجە ٢٢ پلە

کەرکوک ٢٥ پلە

ئیدارەی گەرمیان ٢٧ پلە

ئیدارەی راپەرین ٢٠ پلە

ئیدارەی سۆران ٢١ پلە 



AM:09:55:11/04/2024