رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: بەهۆی هۆشداریەکی ئەمەریکاوە ئێران لەدوا خوولەکدا هێرشەکەی دواخستووە


لە کاتێکدا ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی ئێران دەکات بۆ سەر وڵاتەکەی و بەرژەوەندیەکانی، بەرامبەر  بۆردومانی کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق ‌و کوژرانی ژەنەراڵێکی باڵا و شەش ئەفسەری سوپای قودسی سوپای پاسداران، ڕۆژنامەی "یەدیوت ئەحرۆنۆت" بڵاویکردەوە، ئێران بەهۆی هۆشدارییەکی ئەمریکییەوە لە کۆتا خولەکدا هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دواخست.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە پێشتر بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە واشنتۆن لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە  ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران.

کەناڵی CNN  ی ش بڵاویکردۆتەوە" ئیدارەی ئەمەریکا هۆشداریداوه بە تاران لە ئەنجامدانی هەر هێرش بۆ سەر ئیسرائیل".

هەروەها ئەو میدیایە ئاشکرایکردووە کە ئەمەریکا پشتیگری خۆی بۆ ئیسرائیل دووپات کردۆتەوە لە هەر هێرشێک کە لەلایەن ئێرانەوە بکرێتە سەری.

ئێرانیش وەک میدیاکە ئاماژەی بۆ کردووە هۆشداری داوەتە ئەمەریکا لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.

سەرباری ئاڵوگۆڕی ئەم پەیامانەی نێوان ئەمەریکاو ئێران، بەڵام ئەمریکا لە چاوەڕوانی و ئامادەباشیدایە لە هەرچەشنە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەیەکی ئێران لە ئیسرائیل.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەلئەبیب چاوەڕوانی هێرشە نزیکەکەی ئێرانە بەرامبەر ئەو هێرشەی کردیە سەر کونسوڵخانەکەی  لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە سوریا.

ئەوە لە کاتێکدا بوو کە چاوەڕوانی ڕۆژئاواییەکان و هەڵسەنگاندنی هەواڵگرییەکان پێشبینی دەکەن کە دوای جەژنی ئێران هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات.



PM:09:10:11/04/2024