ئەمشەو دووشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٤ ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى سێ کەسی راگەیاند کە بەهۆى سووتاندنى کەپرێکى فرۆشتنى سەوزە و میوە زیانى ٢٨ ملیۆن دیناریان لە کاسبکارێک دابوو.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" بەداواداچون و لێکۆڵینەوەمان بۆ سکاڵای هاوڵاتییەک كردووە سەبارەت بە سوتانی کەپرێکی فرۆشتنی سەوزە و میوەی کاسبکارێک لە شاری سلێمانی، پاش سوتانی لەلایەن چەند تۆمەتبارێک و زیانی زۆری ماددی لێدەکەوێتەوە".
دەشڵێت" دەستبەجێ بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە توانرا سێ تۆمەتباری ڕوداوەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێن کە لە ماوەی ڕابردودا پاش دزیکردن، چوار جار کەپری کەسبکارەكەیان سوتاندوە بەمەبەستی ونکردنی شوێنپەنجەی تاوانەکەیان و ئەوەش زیانی مادی زۆری لێ كەوتۆتەوە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، لە ماوەی سوتانی سێ جاری پێشوتر نزیکەی ١١ ملیۆن دینار زیانی دەبێ و لە سوتانی چوارەمی ١٧ ملیۆن دینار زیانی مادی پێ دەگات بە دزینی (دۆمەڵان و هەنگوین و چەندین تۆن سەوزەو ومیوە)و تەواوی کەپرەکەی دەسوتێنن.
ئەوەش هاتووە" لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی ٣٤٢ لە یاسای سزادان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە".