خوشکی ئێلیزابێس تسورکۆڤی ئیسرائیلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا هێرشدەکاتە سەر سودانی و وتارەکەی پێدەبڕێت.
بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە ئەو ئافرەتەی کە خوشکەکەی دەستگیرکراوە لە بەغدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە واشنتۆن وتارەکەی سودانی دەبڕێت و هێرشی توند دەکاتە سەری و پێدەڵێت " تۆ شەرم ناکەیت لە خۆت".
ئەو ئافرەتە کە بەدەنگێکی بەرزو پڕ حەماسەوە قسە دەکات. دەڵێت" رسواییە ١٣ مانگە خووشکەکەم گیراوە، تۆ هیچ دەسەڵاتت نییە، وا خۆت پێشاندەدەیت کە شەرعیت، بەڵام تۆ هاوڕێی تیرۆریستەکانیت، تۆ پارەیان دەدەیت بە میلیشیاکان، من داوا لە ئەمەریکا دەکەم چەکتان پێنەفرۆشن".
تسورکۆڤی تەمەن 37 ساڵ، دوای ئەوەی بە پاسپۆرتە رووسییەکەی بەمەبەستی توێژینەوەی زانستی سەردانی عێراقی کردبوو ، لە رۆژی 21ی ئاداری ٢٠٢٣ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە شەقامێکی سەنتەری شاری بەغدای پایتەخت رفێندراو و لەوکاتەشەوە بێسەروشوێنە.