دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار لە عێراق دەستیپێکرد

وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار کرد، بەڵام تا ئێستا مشتومڕ دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند'' داوا لە یەکەکانی ژمێریاری وەزارەت و پارێزگا و دەستە سەربەخۆکان دەکات سەردانی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەت بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان".

ڕوونیشیکردەوە کە لەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کارمەندانی هیزە ئەمنییەکان دەکرێت.

دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی عێراق لە کاتێکدایە کە هێشتا مشتومڕی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی بۆ بەغدا نەناردووە.


PM:12:26:21/04/2024