فازڵ نەبی: کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەبێتەوە

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت" ئەگەر حکومەتی هەرێم جوڵەیەک نەکات لەوانەیە کێشە بۆ موچەی مانگی ئایار و حوزەیران و دواتر دروست بێت". 

د. فازڵ نەبی بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق، بە (دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاندووە" ناوەڕۆکی نوسراوەکەی وەزیری دارایی هەمان ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە و بەشێکە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی تەیف سامی لە خۆیەوە کار ناکات، بە سروشت زۆر پابەندە بە یاسا ئەوە کێشەکەیەتی نەک بابەتی ئەوەی دژی هەرێم بێت". 

د. فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بەزوترین کات وەفدێکی باڵای هەرێم نەچێتە بەغداد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەوە ئەگەری هەیە گرفت بۆ موچەی مانگەکانی پێنج و شەش دروست ببێت، موچەی مانگی نیسان دێت، بەڵام مانگی پێنج و مانگەکانی تر دەبێت زوو چارەسەر بکرێت.

وتیشی" دەبێت ئەمڕۆ و سبەی حکومەتی هەرێم جوڵە بکات بیانو نەدەنە دەست بەغداد، چونکە ئەگەری هەیە لە مانگی (ئایار) کێشە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست ببێتەوە، من گەشبین نیم ئەگەری هەیە کێشە دروست ببێت لەسەر چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە نێوان هەژماری من و تەوتین، کێشەکە ئەوەیە لەناو بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەڕونی باسی بانکە حکومیەکان دەکات". 

ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەغداد بۆیە هەژماری من ڕەتدەکاتەوە، چونکە متمانەیان بەو ژمارەیەی فەرمانبەران نیە و پێییان وایە هەندێکی بندیوارن. 


AM:12:03:23/04/2024